محەمەد عوسمان
وەک ئەستێرەکان لەسەر زەوی یلمێکی هیندییە و چەندین ئەکتەری بەتوانا بەشدارییان لە
بەرهەمهێنانیدا کردووە، یەکێک لەوانەش ئەستێرەی بۆڵیوود، عامر خانە. فیلمەکە باس
لە منداڵێک دەکات کە نەخۆشییەکی زۆر دەگمەنی هەیە، ئەویش نەخۆشیی دیسلێکسیایە.
دیسلێکسیا نەخۆشییەکی زەینییە، تێیدا نەخۆش ناتوانێت بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە
بخوێنێتەوە، وشەکانی لێ تێکەڵ دەبێت، خەیاڵی زۆر نامۆی لەبارەی وشەکانەوە بۆ دروست
دەبێت، وەک لە فیلمەکەدا پیشانمان دەدرێت.
ئەگەرچی سەرنجی تەواوی فیلمەکە لەسەر
نەخۆشییەکەیە، بەڵام یەکێک لەو لایەنە کاریگەرانەش کە دەتوانین بڵێین کاری لەسەر
کراوە لەم فیلمەدا، ڕەهەندی کۆمەڵایەتییە. ڕەهەندی کۆمەڵایەتی مەبەست لێی
بەرکەوتنی خوێندکارە نەخۆشەکەیە لەگەڵ دەوروبەری، واتە خێزانەکەی، بەتایبەتییش
دایکوباوکی و مامۆستاکانی. چ خێزانەکەی، ئەگەرچی خۆشەویستییەکی لە ڕادەبەریان هەیە
بۆی و چ مامۆستەکانیش، پەیوەندییەکی تەواو ناتەندروستیان هەیە لەگەڵی؛ هەمیشە وا
دەزانن ئەم خوێندکارە، خوێندکارێکی بێعەقڵ و گێل و گەمژەیە، چونکە ناتوانێت ئەو
شتانە بخوێنێتەوە کە لە بەردەمیدان یان بە شێوەیەکی تەندروست کۆنتڕۆڵ بەسەریاندا
بکات. هەڵبەت ئەوەی گرفتە لەم ئەتمۆسفێرەی کە فیلمەکە بۆمان وێنا دەکات، نائامادەگیی
پرسیارکردنی ''بۆ''یە لە سیستمی هزریی کۆمەڵگەدا: بۆچی منداڵێک ناتوانێت وەک ئەوان
بێت؟ بۆچی منداڵێک توانای ئەوەی نییە لە وانەکاندا دەربچێت؟ بۆچی منداڵێک ناتوانێت
هاوکێشەیەکی زۆر سادەی ماتماتیک بە ئەنجام بگەیەنێت؟ ئەگەرچی ئەم منداڵە کەسێکی
زۆر کارامەیە لە وێنەکێشاندا، بەڵام بە هۆی ئەوەی ناتوانێت لەگەڵ سیستمکەدا
هەڵبکات، ڕێگرێکی دەروونییشی بۆ بەدی دەهێنێت و چیدی پراکتیزەی بەهرەکەشی نەکات.
من
لێرەدا لە باسی چیرۆکی فیلمەکە دەوەستم، ئەوەی پێویست بوو ئاماژەی بۆ بکەم، کردم،
کە ئەویش ئاماژەکردن بوو بۆ نامائادەگیی پرسیاری ''بۆ''، لەگەڵ ئەوەشدا خولانەوە
لەو سنوورەی کە واقیعی مەعریفیمان بۆی دیاری کردووین (واتە ئەو مەعریفەیەی تا ئێستا
هەمانە). لێرەدا دایکوباوک و مامۆستا پرسیار ناکەن ئەم خوێندکارە بۆچی بەو شێوەیە،
تا لە دۆخی منداڵەکە تێبگەن؟ چونکە وەڵامێکی ئامادە و لەقوتوونراویان لایە: ''ئەم خوێندکارە
تەممەڵە، نەزانە، لاموبالاتە، بیر ناکاتەوە.''ئەوەی لە واقیعی کۆمەڵگەی کوردیدا
دەبینرێت ئەوەیە، لە سیستمی هزریی دایکوباوک و مامۆستاکانی ئێمەشدا هەمان فۆڕمی بیرکردنەوە
هەیە و بە هەمان شێوە، خوێندکار بۆ ناتوانێت کەسێکی کارا و بەرهەمهێن و کاریگەر
بێت؟ لە سنووری وەڵامە لەقوتوونراوەکانیان زیاتر، هیچی دیکەیان لا نییە. چونکە خۆیشیان
هەر بە هەمان پڕۆسێسی پەروەردەدا تێپەڕیون: پرۆسێسی بەدەفرکردنی عەقڵ. لای زۆرینەی
مامۆستاکان و دایکوباوکانی کۆمەڵگەی کوردی، بابەتگەلێکی وەک بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و
لۆجیک، ئامادەگییان نییە، یان بە ناوی پەروەردەی دیموکراتیک یان لیبڕاڵ. ئەگەرچی
هەریەکە لەم چەمکانە هەزاران توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە کراوە، کە چۆن لە
سیستمی پەروەردەدا بەکار بێت و توانست و هەستی مۆڕاڵی و مرۆیی لای خوێندکار
بەهێزتر و بەرزتر بکاتەوە. ئەوەی هەیە دەرخیاتە، بیرکردنەوە کەمترین پێگەی هەیە لە
هاوكێشە پەروەردەییەکاندا، لە بنەڕەتدا بۆچی بیر بکاتەوە؟
دەرئەنجامی ئەم
بیرنەکردنەوە و دەرخیاتی بەردەوامە، ئەنگیزەیەکی دەروونی لای خوێندکار دروست دەبێت:
هەمیشە دەرخ بکات، ڕۆژێک لە ڕۆژان خۆی لەو ئاستەدا نەزانێت کە بیر بکاتەوە، بەرهەمهێنان
دەبێتە مەحاڵ لای. ئاخر ئەم جینیەس نییە و جینیەسەکان بە جێنەتیک هەر بە جینیەسی
لەدایک بوون.
لەگەڵ ئەمەشدا سیستمێکی میکانێکی دێت و ئەم خوێندکارانە دەکرۆشیت: بیر
ناکەنەوە، دەرناچن، سترێسی دەروونییان بۆ دروست دەبێت. لە دەرەنجامی بەرکەوتنیان
لەگەڵ کۆمەڵگەدا، داهێنەر و بەرهەمهێن نین. لە دواییشدا بەپێی داتایەکی ستاتیستیک
کە نیشانەی ئەوەیە مرۆڤ لەم سیستمەدا ماشێنێک زیاتر هیچی تر نییە، پێمان دەڵێن: ''خوێندکاران
دەرنەچوویان زۆرە، یان ئەوەتا کۆشش ناکەن، یان ئەوەتا لە پێشتردا گزییان کردووە و
ئێستا نەیانکردووە.''
ئەم وتارە پێشتر لە بەشی بینەر و فیلمی ماڵپەری کلتووریی
دیدی من بڵاو بووەتەوە
*
ئەم فیلمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم لە سینەما سالم نمایش کرا و دوابەدوای بینینی لە لایەن بینەرانەوە گفتوگۆ دەربارەی کرا