شوان ئەحمەد
''لە پێڵاوەکانم بەولاوە، هیچ شتێک نامبەستێتەوە
بەم خاکەوە.''
محەمەد ماغووت
سێ کاری هونەریی ئاستبەرز
لە نۆ ساڵدا: چوار مانگ و سێ هەفتە و دوو ڕۆژ (2007)، لەودیو دۆڵەکانەوە (2012)، باکالۆریا
(2016). ئەوانە بەرهەمی دەرهێنەر و سینەماکارێکی لاوی ڕۆمانین، بە ناوی کریستیان
مۆنجیۆوە.
لەو سێ فیلمە، دوانیان خەڵاتی فێستیڤاڵی کانی سینەماییان بەدەست هێناوە؛
چوار مانگ و سێ هەفتە و دوو ڕۆژ، ساڵی 2007 خەڵاتی چڵەخورمای ئاڵتوونیی بۆ
باشترین فیلمی فێستڤاڵ و ساڵی 2016 بەکالۆریا خەڵاتی باشترین دەرهێنان.
هەردوو فیلمەکەش باس لە واقیعی
داوەشاو و بێئاسۆی نیشتمانێک دەکەن، ناوی ڕۆمانیایە، ئەو ڕۆمانیایەی حوکمی کۆمۆنیستانەی
دیکتاتۆرێکی وەک چاو چیسکۆ، نوزەی لەبەر دەبڕێ و دوای ئەویش، بازاڕی ئازاد و سیستمێکی
سەرمایەداریی چاوچنۆک، دەیکاتە جەنگەڵ و سەرزەمینێکی نائارام.
ڕەنگە
زۆرێک لەو وڵاتانەی دوای ڕووخانی دیواری بەرلین و لەبەریەکهەڵوەشانی یەکێتیی سۆڤێتی
جاران و کەمپی سۆسیالستی، لە تەوقی ئاسنینی کۆمۆنیزم دێنە دەرێ و مل بەرەو سیستمی
سەرمایەداری و لیبڕاڵیزمی نوێ و بازاڕی ئازادەوە دەنێن، پڕ بن لە چیرۆک و
بەسەرهاتی جۆراوجۆر و هاوشێوە، بەڵام وەک ڕۆمانیا کەسیان سینەماکارێکی ژیر و
بەسەلیقەی وەک کریستیان مۆنجیۆ شک نەبەن، تا ئەوانە لە چوارچێوەی کارێکی هونەریی
ئاستبەرزدا بەرچاو بخات. مۆنجیۆ لەوانە نییە بە کێشە قەبە و زەق
و زۆپەکانەوە خەریک بێت، ئەو زیاتر کوشتەی وردەمێژووە و هەر لەوێوە واقیعی حاڵی
نیشتمانەکەیمان بۆ باس دەکات. نیشتمانێک پڕ لە خەمۆکی و ترس و دڵەڕاوکێ، وڵاتێک
بێ ئاسۆ و بێ ئایندە.
لە
باکالۆریادا باوکێک دەبینین، دکتۆر ڕۆمیۆ، کە پزیشکە و مامۆستای زانکۆیە و ئەدریان
تیتی ڕۆڵی دەبینێ. لە هەوڵی ئەوەدایە تاقانە کچەکەی، ئەلیزا، نمرەی پێویست بهێنێ
و بتوانێت پەیوەندی بە یەکێک لە زانکۆکانی بەڕیتانیاوە بکات و پیسکۆلۆژیا بخوێنێت.
دەسپێکی
فیلمەکە بە دیمەنی گەڕەکێک دەست پێ دەکات کە شوقە و باڵەخانەی نیشتەجێبوونەکانی، هیی
سەردەمی چاوچیسکۆن و لەو باڵەخانە خۆڵەمێشی و بێڕۆح و دزێوانەن کە لەسەر مۆدێلی تەلار
و باڵەخانەی سۆسیالستی دروست کراون و هێندە قەبز و بێتروسکەن، سەرودڵت دەگرن.
وەک ئاماژەیەک بۆ دۆخی ترس و پڕ
دڵەڕاوکێی وڵات، بەیانییەکی زوو پەنجەرەی هۆڵەکەی ماڵی دکتۆر ڕۆمیۆ، بە بەردێک دەشکێت
و بکەرەکەشی نادیار دەمێنێتەوە. هەر لەوێشدا مۆنجیۆ پێمان دەڵێت دکتۆر نێوانی
لەگەڵ هاوسەرەکەیدا جۆر نییە، بۆیە هەر کە لیزای کچی لە نزیک خوێندنگەکەیان
دادەگرێت، بە چەند عەلاگەیەکەوە خۆی بە ماڵی دۆستەکەیدا دەکات (دۆستەکەی بێوەژنێکە
و خاوەنی کوڕێکە)، هەر ئەوەندەی دۆستەکەی لەئامێز دەگرێت و خۆی تێهەڵدەسوێت، زەنگی
تەلەفۆنەکەی لێ دەدات. هەواڵی دەدەنێ لیزای کچی لە نەخۆشخانەیە و کەسێک بە مەبەستی
لاقەکردنی پەلاماری داوە.ئیتر
لێرەوە شەڕی گەورەی ڕۆمیۆ دەست پێ دەکات و ئێمەش لەگەڵ ئەودا پێبەپێ لە واقیعی
تاڵی پڕ لە گەندەڵی و مافیایی ئەو سەرزەمینە تێدەگەین کە ئەو کارەکتەرانەی تێدا
دەژین.
وەک باوکێکی
خەمخۆر بۆ داهاتووی کچەکەی، ڕۆمیۆ ناچار دەبێت زۆر شت بکات و مل بە زۆر شت بدات، کە
بڕوای پێیان نییە و بە کار و کردەوەی ناشایستەیان دەزانێت. واتە دەستوپەنجە لەگەڵ
گەندەڵی و دۆخی مافیائاسای چواردەوریدا نەرم دەکات. بە
ناچاری و بۆ خاتری ئەوەی کچەکەی نمرەی پێویست بێنێ و ئەو حاڵەتەی بەسەریدا هاتووە،
خەونەکەی لەبار نەبات، سەر بە کۆشی زۆر کەسدا دەکات و هەندێ سەودا و مامەڵەی
نابەجێ دەکات و دەکەوێتە ناو ئەو بازاڕی فرتوفێڵ و بێسەروبەرەی هەموان تێیدا
بەشدارن.
ڕۆمیۆ دەزانێت
ژیانی خۆی لەو واقیعە ناشیرین و بێئاسۆیەی نیشتمانەکەیدا، بەهەدەر چووە و بۆ ئەوەی
کچەکەی مێژووی ئەو دووبارە نەکاتەوە و ئاگری ئەو دۆزەخە نەیپڕووکێنێ، سازشی گەورە
و قوربانی زۆر دەدات. هەرچەندە
کچەکەی هێشتا وابەستەی نیشتمانە و دڵی لای خۆشەویستەکەی و هاوڕێکانیەتی و دەیەوێت
باوکی بەوە قایل بکات، نەڕوا و لەبەر خاتری هاوڕێکانی بمێنێتەوە، بەڵام باوکە
دەیەوێت تەشویقی بکات بۆ سەفەر و لەبەر خاتری هاوڕێیەتی سەفەرەکەی پەک نەخات. باوکە دووربینتر
دەڕوانێ و دەزانێت وڵات بووەتە قومارخانەیەکی گەورە و بووەتە جەنگەڵێکی سامناک و
ئەوانەی نینۆک و دەسەڵاتێکی لە ڕادەبەدەریان نەبێت، سەرسەلامەت نابن تێیدا.
فیلمەکەی کرسیتیان مۆنجیۆ باسی
ڕۆمانیا دەکات و چیرۆکی نیشتمانە دەردەدارەکەی دەگێڕێتەوە، بەڵام گەر دەقاودەقیش
نەبێت، لە زۆر بڕگە و حاڵەتیدا بە کوردستانەکەی ئێمەش دەچێت و زۆرێک لەو کێشانەی
ئەو باسیان دەکات، هاووڵاتییانی ئێمەش پێیانەوە گرفتارن و هەمان ژیانی ئەوان
دەگوزەرێنن. وەک نەمانی ئینتیما و تەشەنەسەندنی گەندەڵی و هەڵهاتن لە نیشتمان و ڕووکردنە
تاراوگە و وڵاتانی تر، بۆ دۆزینەوەی ئارامی و پاشەڕۆژێکی مسۆگەر.
ئەم فیلمە بۆ هەموو ئەوانەی
پەرۆشی کاری هونەریی ئاستبەرز و بابەتی سەرنجڕاکێش و پڕچێژن، شایەنی سەیرکردنە.
*