Skip to main content

بەیاننامەی ڕاگەیاندنی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم

 دنیای ئەمڕۆی ئێمە دنیای جەنگە، دنیای پووچێتییە، دنیای بەیەکداچوونی بیروڕا جیاوازەکان و دنیای نائومێدییە قووڵەکانە. جەنگ تەنها بە مانا کردەییەکەی نا، بەو مانایە نا کە تێیدا چەک ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت، بەڵکو هاوکات لەگەڵ ئەوەدا جەنگە کولتوورییەکانیش، ئەو جەنگانەی کە لە دەرەنجامی شەڕی بیروڕاکان پووچێتیی بەرهەم هێناوە و بووەتە هۆی ئەوەی لە کۆی جومگەکانی کۆمەڵگەدا، زۆر قووڵ نائومێدی ڕۆ بچێت.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جەنگانە، بۆ بەرەنگاریکردنیان و بۆ ئەوەی بتوانین بمێنینەوە، پێویستمان بە ئامادەباشییەکی زۆر و سەنگەرلێدانێکی وریایانە هەیە، تا لە ڕێیەوە بناغەی ئەو گۆڕانکارییە دابنرێت، کە دەمێکە ئاواتمانە. ئەو ئاواتەی دیدگاکەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و شارستانی و ئاسۆی نەوەیەکی هۆشیار و بەرپرسی هەیە و بە کارکردنی زۆر و بەردەوام بەدی دێت.

بە بڕوای ئێمە، باشترین کایەیەک کە بتوانرێت لە ڕێیەوە ئەم ئاواتە بەم دیدگا و ئاسۆیەوە بەدی بهێنێت، هەروەها بناغەیەکی پتەو و ڕۆچووی بۆ بەرهەم بهێنێت، کایەی کولتوورە. کایەی کولتوور بە هەریەکێک لە بەشە جیاوازەکانیەوە، ئەو کایەیە کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر کۆی کایەکان دابنێت و دەکرێت بڵێین لە بنەڕەتدا، هەر خۆی سەرچاوەی کۆی پارادایمی کایەکانی ترە. هەر بۆیە کارکردن لە کولتووردا بە ئامانجی کردنی ئەو جەنگە و بەدیهێنانی ئەو ئاواتە، دەشێت یەکێک لە ڕێگەکانی مانەوەمان لە دنیای ئەمڕۆدا بێت.

سینەما بەشێکی گرنگی ئەم کایە گرنگەیە، کۆڵەکەی سەرەکییەتی و ئەو چاوەیە، کە لە ڕێیەوە دەتوانین کولتووری کۆمەڵگە جیاوازەکانی پێ ببینین. لەمێژە لەگەڵ سەرهەڵدانی لە هەر کوچەیەکی دنیادا، سینەما دەبێتە بەشێکی گرنگ لە شوناسی مەعریفی و بیرکردنەوەی ئەوان. هەروەها سەردانی مۆڵگە سینەماییەکان بە شێوەیەکی گشتی و بینینی فیلمی سینەمایی لە هەر جێگەیەک بەتایبەتی، بەشێکی گرنگتری ئەم بەشە گرنگەی کایەی کولتوورە، کە دیسان خەیاڵ و بیرکردنەوە و دنیابینی بۆ کۆمەڵگەی خاوەن سینەما و بینەر دروست دەکات.

لەم سۆنگەیەوە، ئێمە لە ئێستادا و هاوکات لەگەڵ ئەو بارودۆخە ناهەموارە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، دەروونی و لە سەرووشیانەوە، کولتوورییەی دەگوزەرێت، پڕۆژەیەکی درێژخایەن بۆ بینینی فیلمە گرنگەکانی دنیا و گفتوگۆکردن دەربارەیان سەرپێ دەخەین.ئەم پڕۆژەیە لە بینینی هەفتانەی ئەو فیلمانەی سینەمای جیهانی پێک دێت، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بینینیان بۆ تەواوی تاکەکان بەگشتی و بۆ نەوەی نوێی ئەمڕۆ بەتایبەتی گرنگن و بۆ دروستکردنی خەیاڵ و بیرکردنەوە و دنیابینی بەرانبەر کۆی سیستمی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، دەروونی و کولتووریی ئێمە، پێویستن. هەروەها ڕاستەوخۆ گفتوگۆکردن دەربارەی بابەت و تێما سەرەکییەکانی فیلمەکان دوای بینیان، بەشێکی گرنگتری ئەم پڕۆژەیەیە و لە ڕێیەوە هەوڵ دەدەین دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوەی هەرەوەزی بۆ قسەکردن لەسەر کۆژانەکانمان دروست بکەین و بتوانین لەم ڕیگەیەوە، ڕای گشتی بەرهەم بهێنین، تا ئەو دیوارە پۆڵایینەی لە نێوان بینەر و سینەما لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەیە و پاساوی جیا جیای بۆ دەهێنرێتەوە، بەرەو نەمان بچێت و ئەو شوناسە هەقیقییەی سینەما هەیەتی، کە کۆمەڵایەتیبوون و بەدەرنەبوونە لە گشت، بگەڕێتەوە.

لیژنەیەکی ڕێکخراو بە خوێندنەوەی کۆی دۆخی ئەمڕۆمان و تاوتوێکردنی ئەو فیلمانەی لەگەڵ ئامانجی پڕۆژەکەدا دێنەوە، خشتەی نماییشی فیلمەکانی ئەم پڕۆژەیە هەڵدەبژێرن و تەواویان بە ژێرنووسی کوردی و کوالێتیی بەرز نماییش دەکرێن. هەروەها دەرگەی لیژنەکە بۆ هەر دڵسۆزێک کراوەیە، کە پێی وابێت دەتوانێت ڕای ڕاوێژکاریی پێ بدات و بەشدار بێت لە سەرپێخستنی پڕۆژەکە و بەردەوامیدان پێی.

پێکەوە بینینی فیلم لە سینەما و گفتوگۆکردن دەربارەی، شتێکی ترە.

سینەما سالم
کۆمەڵەی ٦٨

٢٧\٤\٢٠١٧

زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان