Skip to main content

پێکەوە بۆ بینینی فیلم: فیلمی من، دانیەڵ بلەیک، هاواری چینی ستەملێکراوانە و دەبێت ببیسترێت و بینرێت


لە ئینگلیزییەوە: کانیاو سوعاد
ئەگەر فیلم ئاوێنەی کۆمەڵگە بێت، ئەوا فیلمەکانی ئەم دواییانەی سینەمای پەیامدار، کە دەربارەی ناشیرینییەکانی سیستمی سەرمایەداری و قەیرانەکانین، ڕەنگدانەوەیەکی تەواوی ئەو وێرانکارییانەن کە ناویەتییەوە. زۆربەیان دەربارەی هەژاریی چینی ستەملێکراوانن و بەدوای شکستی مرۆڤایەتی لە بەرانبەر ئەو چینەدا دەگەڕێن. فیلمی من، دانیەڵ بلەیکیش فیلمێکە لەو جۆرانە. ئەم فیلمە وێنەیەکی بەهێزی پیاوێکی ئاساییە، کە لە جیهانێکی ئۆروێڵیانەدا تێدەکۆشێت شکۆی خۆی بپارێزێت: دوور لە ئاسوودەیی، کاڵ و لمین و دڵڕەقانەیە.
دانیەڵ بلەیک پیاوێکی کرێکاری کەمدوو، بەڵام خۆشەویستی پەنجاونۆساڵانی خەڵکی نیوکاسڵی ئینگلتەرایە. لە جەڵتەیەکی دڵی سەخت ڕزگاری بووە و بە تەنیا دەژی. توانای کارکردنی نییە، بەڵام ئەو شتە دەکات کە هەزارانی تری وەک ئەم لە حاڵەتێکی وادا دەیکەن: داوای لە فەرمانگەی چاودێری تۆمار کردووە بۆ بیمەی تەندروستی، بۆ ئەوەی خەرجییەکانی پێ تەواو بکات، تا ئەو کاتەی تەندروستیی باش دەبێتەوە. ئەوەی پاش ئەمە ڕوو دەدات، ئەوەیە کە لە بەشی پشتگیریی فەرمانگەکە، کارمەندەکانی هەموو خۆیان دەبوێرن لە بەرپرسیارێتییەکانیان، بە بیانووی ئەوەی کە دەسەڵات بەدەست بڕیاردەرەکەیە. دواجار دان پشتگیری ناکرێت و هەموو ڕێگەکانی ناڕەزاییدەربڕینیشی لێ گیراوە.
لە ناوەڕاستی چارەسەری نامرۆییانەی سیستمی بێگیانەوە، دانیەڵ هەوڵ دەدات یارمەتیی دایکێکی تەنیا، کاتی، لەگەڵ دوو منداڵەکەی بدات، کە ئەوانیش بەم سیستمە تێک شکێندراون. کە دان بێهیوا دەبێت لە یارمەتیدانی کاتی، دەچێت ناڕەزایی خۆی لە ڕێگەی نووسینی چەند دروشمێکەوە لەسەر دیواری فەرمانگەی چاودێری دەردەبڕێت، کە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەوە دەیکات بە پاڵەوانی شار.
ئەم فیلمە وەڕزکەر و بەرەنگارانەیە بۆ ئەوانەی پێیان وایە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین، کە سیستمەکەی یارمەتیدەری چینی ستەملێکراوانە، کاتێک پێویستیان بە یارمەتی هەیە. هەنگاوەکانی خاون و دیالۆگەکانیش ڕەق، بەڵام ژیان خۆی بەم جۆرەیە و فیلمەکەش هەر وا مانیفێستی دەکاتەوە. دوو ئەکتەرە سەرەکییەکە ڕۆڵەکانیان پڕ کردووە لە دەنگی ڕاستەقینەی بێشوماری چینی ستەملێکراوان، کە هەردەم ڕووبەڕووی ساتە سەختەکان دەبنەوە. هیچ خۆشییەک لە فیلمەکەدا نییە و هەر گاڵتەیەکیش تێیدا بێت، بۆ ئەوەیە بەرگەی بگریت. بەڵام بۆ جیهانێکی وا، کە بێبەزەییانە ڕووبەڕووی چینی ستەملێکراوان دەبێتەوە، ئەم فیلمە هاواری ئەو چینەیە و دەبێت ببیسترێت و ببینرێت. 
*
ئەم فیلمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم لە سینەما سالم نمایش کرا و دوابەدوای بینینی لە لایەن بینەرانەوە گفتوگۆ دەربارەی کرا

زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ...

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان ...

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم...