لە ئینگلیزییەوە: لاڤە شێرزاد، کەیوان کاوە
لە سیستمی
پەروەردە و فێرکردنی خوێندنگەی وێڵتندا، خوێندکاران ڕادەهێنرێن گوێڕایەڵی سەروو
خۆیان بن و ئەو زانیارییانە وەربگرن، کە مامۆستاکانیان بە گونجاوی دەزانن. لەم
سیستمەدا، پەروەردە لەوە پێک دێت کە مامۆستایەکی بەتەمەنتر و شارەزاتر، کۆمەڵە
زانیارییەک بدات بە پۆلێک خوێندکاری گەنجتر و بە بەراورد بەوان، ناشارەزاتر. بۆیە
خوێندکاری نموونەیی لای بەڕێوەبەرانی وێڵتن، ئەوەیە کە گوێڕایەڵیی سەروو خۆی دەکات
و بێ پرسیارکردن، وانەکانی زمان و یاساکانی سێگۆشە و مێژوو و بابەتەکانی تر لەبەر دەکات
و وەک تووتی دەیانڵێتەوە. وێڵتن پەروەردە بە وەرگرتنی کۆمەڵە زانیارییەکی
دیاریکراو دەبینێت، ئەگەرچی ئەم پەروەردەیه خۆی تەنها ڕێگەیەکە بەرەو کۆتاییەک.
بەو مانایەی ڕێگەیەکە تا خوێندکارەکان بتوانن پێی بچنە زانکۆیەکی باش و پاشانیش پیشەیەکی
باشیان دەست بکەوێت. سیستمی پەروەردە و فێرکردنی وێڵتن بە شێوەیەک نەخشەی بۆ
نەکێشراوە کە سۆزێکی ڕاستەقینە بۆ وەرگرتنی مەعریفە لای خوێندکار پەروەردە بکات،
بەڵکو بە جۆرێک نەخشەی بۆ کێشراوە، کە کۆمەڵێک دەرچووی پارەپەیداکەر بەرهەم بهێنێت.
لە
سەرەتای وانەگوتنەوەیدا لە وێڵتن، جۆن كيتينگ چەمکی شێتی
دەخاتە ڕوو، کە ناوەڕۆکی هەر یاخیبوونێکی بەبەرهەمە لە دژی سیستماتیکبوون و
پەیوەستبوون بە سیستمەوە. ئەوەش دەخاتە ڕوو کە ژیانێکی باش ئەو ژیانەیە، پڕسۆز بێت.
دەڵێت کە دۆزینەوەی بەهرەکانی تاكێک، دەکرێت تەمەنێک بخایەنێت، بەڵام شایستەیەتی،
چونکە بەرهەمی باشی دەبێت و لێوەی خۆشبەختی بەدەست دێت. کیتینگ ئەوە دەخاتە ڕوو کە
زۆربەی مرۆڤە پێگەیشتووەکان بە هۆی نەبوونی سۆزێکی ڕاستەقینەوە، ناقایلن؛ خەڵک بێ
ئەوەی بەرانبەر هونەر و کاری داهێنەرانەی کەسانی تر خۆشەویستییان هەبێت، دەژین.
وانەکانی کیتینگ پێشنیاری ئەوە دەکەن، کە یاخیبوون سەرەتا دەبێت لە خودی تاکەوە
دەست پێ بکات، وەک لە دەرەوەی. بۆ نموونە کەسێک واز لە کارەکەی دەهێنێت کە پێی
قایل نییە، تا شوێن ئارەزووەکانی بکەوێت: ئەمە یاخیبوونە دژی کۆمەڵگە، بێ
کارهێنانی توندوتیژی و خۆخستنە ژیانی ئەوانی تر. یاخیبوون دەبێت ئەنجامی شێتی بێت.
*
ئەم فیلمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم لە سینەما سالم نمایش کرا و دوابەدوای بینینی لە لایەن بینەرانیەوە گفتوگۆ دەربارەی کرا