لە
ئینگلیزییەوە: کانیاو سوعاد
''سیاسەتوان درۆ دەکات بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان، بەڵام
هونەرمەند درۆ دەکات تا ئەو ڕاستییانە ئاشکرا بکات.''
فیلمی ڤی بۆ تۆڵەسەندنەوە
درۆیەکە بۆ پیشاندانی ڕاستییەکان؛ ڕاستییەکان ئاسان و خۆشتبیستراو نین، بەڵام هەن
و هەقیقین. فیلمەکە ئەکشن و پاڵەوانانە نییە، بەڵکو فیکرەیەکە، فیکرەیەک وێرانکەر،
چیرۆکی داهاتووی نزیکی ئینگلتەرا دەگێڕێتەوە لەژێر دەستی دەسەڵاتێکی سیاسیی
ستەمکاردا، لەگەڵ پیاوێک بە ناوی ڤی.
ڤی تیرۆریستە، ئامانجەکانی بە کوشتار و تەقاندنەوەی
شوێنەکانەوە بەدەست دەهێنێت، کە هۆکاری بۆیان هەیە. بەرگێکی سەرتاپا ڕەش و توندکراو
بە چەکی لەبەردایە و دەمامکێکی گەی فۆکسیشی لە دەموچاوە. شەوێک لە پاش ئەوەی یاسای
قەدەغەکردنی هاتوچۆ دەبەزێنیت، کچێک بە ناوی ئیڤی هامۆند لەدەست پۆلیسە برسییەکانی
دەسەڵات ڕزگار دەکات، کە بەنیازن دەستدرێژیی بکەنە سەر. ئەو شەوەش شەوی ٥ی تشرینی
دووەمە، کە هەموو بەڕیتانییەک دەبێت لەبیری بێت.
ڤی لە ماوەی وێرانکردنی دەسەڵاتی
سیاسیی ستەمکاری وڵاتەکەیدا، ئیڤی دەباتە ژێر باڵەکانی خۆی؛ ئەو تیرۆریستە، بەڵام
خەڵک تیرۆر ناکات، لەباتیی ئەوە لە خەوی قووڵیان بەئاگا دەهێنێتەوە و هۆشیاریان
دەکاتەوە، لە کاتێکدا ترس لە دیکتاتۆریەتی ئینگلیز دڵی تەنیون.
ڤی بە کۆمەڵگە
دەڵێت: ''گەر دەتانەوێت بزانن کێ بەرپرسە لەم دۆخەی هەتانە، ئەوا سەیری ئاوێنە
بکەن.'' کەواتە ئەوە خەڵک خۆیانن دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵ و ستەمکارەکە بەهێزتر
دەکەن. دەشڵێت: ''خەڵک نابێت لە دەسەڵاتەکەی بترسێت، دەسەڵات دەبێت لە خەڵکەکەی
بترسێت.''
ئەو بڕوای بە بەهێزی و یاخیبوونی کۆمەڵگە هەیە؛ فیلمەکە ئەوەندەی بە
بینەران دەڵێت کە ترس دەسەڵاتی سیاسی و پۆلیسەکانی بەهێزتر دەکات، بە خەڵک ناڵێت
لە دژی دەسەڵات هەستنەوە. دروشمی ڤی ئەمەیە: ''بە هێزی ڕاستی دەژیم و گەردوون
دەبەزێنم.''
*
ئەم فیلمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم لە سینەما سالم نمایش کرا و دوابەدوای بینینی لە لایەن بینەرانەوە گفتوگۆ دەربارەی کرا