Skip to main content

شاجوانە ناشیرینەکان: چاوەڕوان بووین ستەمکاران بخەیتە گێژاوەوە، نەک بەرهەمهێنەرەوەیان بیت

بۆ شوان عەتوف
دەمێکە دەتناسین، هەمیشە جیاوازیت ئامڕازی ناسینەوەت بووە، گەنجانە بیرت کردووەتەوە و کارت کردووە، بەتایبەت بەم دواییانە، کە بەگشتی پاڵپشتی گەنجان و بەتایبەت هیی ئێمەی خوێندکاران بوویت. بەشێکی باش لە کارەکانت ئەوانەن کە ڕۆحی ئێمە تینووی بوون، ویستوویانە تا گوڕوتینی گەنجانە و بەرەنگارانە تێیاندا گەشە بکاتەوە: ئەو فیلمەی تێیدا دەرهێنەرێک پێویستی بە لەمسی ئەکتەرەکانیەتی، گێژاوی چیرۆکی ئەبەدیی ئێمە، عاشقەکەی ڕۆمی، مەنەلۆگەکانی تەپڵ و بەرد، ئەو نامەیەی بۆ گەنجانی کۆچبەرت نووسی.
چاوەڕوانی زیاتر بووین، پاڵپشتیی زۆرترمان دەویست، تینووتر لە جاران بووین و گوڕوتینێکی باڵاترمان پێویست بوو، بەتایبەت بۆ ئێستا، کە دەکرێت بە ستەملێکراوترین توێژی کۆمەڵگە ناو ببرێین. لەبری ئەوەی لە ئێستادا دوایین دەرکەوتنت بۆ ئێمە بێت، بۆ خەمەکانمان، دژ بە ستەمکارییەکانی بەرانبەرمان، بۆ ماف و ئازادییە ژێرپێخراوەکانمان بێت، بەڵام بۆ ئەوە نەبوو: ئەو سیستمەی زۆرینەی دیالۆگی کارەکانت دژی بوون، هەمیشە بە بێمەعریفە و کوژەری ڕۆحییەتی شۆڕشگێڕی و دواکەوتووت دەزانی، هێنایتی و لە سینەماکاری گەنجانەوە کردیتیە هەڵبژێرەری ''جوانترین''یان، کردیتیە سووتەمەنیی خۆی بۆ ئەوەی پێی بەرهەم بێتەوە، بۆ ئەوەی زیاتر بمێنێتەوە، زیاتر چینایەتی دروست بکات، بەسەر جوان و ناشیریندا دابەشمان بکات.
خەمەکانی ئێمە، کۆژانەکانمان، کەوتنەگێژاوەکانمان گرنگن، ئەو ماف و ئازادییانەمان گرنگن کە هەرگیز نەمانبوون: ئەوەی کە هێشتا کچێک ''دەبێت'' حەوتی ئێوارە لە بەشەناوخۆییەکەی یان ماڵەوە بێت و هاوڕێ کوڕەکەی گەر نیوەشەویش بڕواتەوە کێشە نییە، ئەوەی کە هێشتا کچێک ناتوانێت دەستی یارەکەی بگرێت، ئەوەی کە هێشتا کچێک ڕووگیرە لە گرووپەکەیدا لە پاڵ هاوڕێ کوڕەکەی دابنیشێت، ئەوەی کە هێشتا کچێک باوک و برای دەیچەوسێننەوە، ئەوەی کە هێشتا کچێک لەبەر مێیینەبوونی ئازاد نییە، گرنگە کاری لە دژ بکرێت هاوڕێ شوان، نەک ئەوەی کامیان جوانترینە.
هێشتا چاوەڕوانیمان لێت هەیە، هێشتا دەمانەوێت دوایین کارەکانت ببینین، بەڵام ڕەنگە تامەزرۆ نەبین، بەهەڵپە نەبین بۆیان، وەک جاران تاسەمان بۆیان نەبێت، چونکە ئیتر لە زەینماندا چەسپیوە، نەستمان بیرمان دەخاتەوە، پێشگیرمانە دەکەین کە ساڵێک، ڕۆژێک لە ڕۆژان، لە چوارچێوەیەکی ئەکادیمی و مەعریفیدا، لە جێیەک کە سەرچاوەی وزە و هێزی گەنجانە و خوێندکارانەیە، لە زەمەنێکدا کە قەیرانەکان بینەقاقای کۆمەڵیان گرتبوو: سینەماکارە گەنجەکەمان، شوان عەتوف، ئەندامی ''لیژنەی هەڵبژاردنی شاجوانی زانکۆ و پەیمانگەکان'' بوو.

زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان