Skip to main content

شاجوانە ناشیرینەکان: خوێندکاران مژدەمان لێ بێت، ئیتر ''کاریزما''مان هەیە!

هەرچەندە لەشکرگەلێک لە خوێندکاری نەخوێندەوار و نابەرپرسمان هەن، بەڵام هێشتا و سەرەڕای کەلاوەیی زانکۆ و پەیمانگەکان، خوێندکارگەلێک بوونیان هەیە، کە تێکۆشەرن، خەباتگێڕن، بەرەنگار و بە مانای وشە، گەنجن، خوێندکارن، سەرمایەی نیشتمانین. کەچی ئێوەی لە یەک کاتدا قوربانی و بەرهەمهێنەرەوەی سیستم، لەبری ئەوەی بێن توانا مادی و مەعنەوییەکانتان لە لایەنەکانی خوێندکاربوون و ئەوانەی پەیوەندییان بە تێکۆشان و خەباتگێڕان و بەرەنگاربوون هەیە سەرف بکەن، کاری بۆ بکەن، پنتێک لەو کەلاوەیەدا بناغە بکەن، بیکەنە نمایندە و وێنەی گشتیی خوێندکاران، کەچی دێن بە کۆمەڵێک پاساوی مەهزەلەئاسای وەک ئەوەی ''باڵوێزی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان'' هەبێت، کەسێک لەبەر ئەوەی ساڵۆنەکان ڕووکەشیان جوان کردووە دەکەیتە ''شاجوان'' و بانگەشەی ''کاریزمابوون''ی دەکەن.
بەهانەتان بۆ ئەوەی کە مەڕاسیمێکی لەم جۆرەتان ڕێک خستووە و نیازتانە بۆ ساڵانێک ڕێکخەرایەتیی بکەیت، لە کردەکەتان شەرمهێنەرترە: ''خوێندکار بۆ سیمینار یەت یان بۆ حەفلە؟ تەلەبە گوێ لە قسەی کتێب ئەگرێ یان کچێک کە شاجوانە؟ تۆ ئەبێ بەو جۆرە لە تەلەبە نزیک ببیتەوە کە تەلەبە ئەیەوێ.'' شۆک دەبین، سەرمان سووڕ دەمێنێ لەم جۆرە بیرکردنەوەیە، کە هیی ''خوێندکار''ە! سەرەڕای ئەوەی هەوڵ دەدرێت پەشیمان بکرێنەوە، واتان لێ بکرێت جارێکی تر ئەم پاساوانە نەهێننەوە، نەوەک ناو و دەستەواژەی ''خوێندکار'' بە خراپ بڕوات، کەچی سوورترن لەسەر ئەم ئامانجە کارتۆنییانەتان، لەسەر ئەم دیدگا فشەڵ و هەزەلییانەتان، بەوەی کە ''لەم وڵاتە میدیا هێندەی گرنگی بە شاجوان و ئەم جۆرە بابەتانە ئەدا، گرنگی بە چی تر ئەدا؟''
ئەو بەرهەمە ''جوان''انەی سیستم، ئەوانەی ڕووکەشیان بە یارمەتیی سووراو و سپیاوەکان جوان دەکەن و عەقڵ و مەعریفەی ئەتککراویان لە لایەن سیستم و زانکۆ و پەیمانگەکانەوە لەگۆڕ دەنێن، با هەر باڵوێز و کاریزمای ناشیرینیی ئێوە بن، با ئەوان پێشڕەوتان بن، ''داوا''ی مافەکانتانتان بۆ بکەن، نموونەی خەرمانی داڕزاوتان بن. کاریزمای ئێمە ئەو خوێندکارانەن کە تێکۆشەرن، خەباتگێڕن، بەرەنگار و خوێندکارن، گەنجن، بۆ ماف و ئازادییەکانیان پڕ بە گەروویان هاوار دەکەن و نەک ناهێڵن لەگۆڕ بنرێن، بەڵکو ناشهێڵن سیستم بیانکوژێت و بیانکاتە بەرهەمی خۆیان، ئەمانەن کاریزمای ئێمە. باڵوێزەکاشیان وا لە قلیاسان، لە ڕیزی بینای بەشەناوخۆییەکان، لەو جێیەی پڕە لە وزە و هێز، لە تووڕەییەکی پەنگخواردوو: BD1ی سووتاو.

زۆرترین خوێنراو

چەمکەکان: ڕادیکاڵیزم

(١) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ کەسی ڕادیکاڵ، کە بە ڕادیکاڵیست ناو دەبرێت، کەسێکە ویستی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی بەشێک یان تەواوی سیستمی سیاسی و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی هەیە. وشەی ڕادیکاڵ سەرەتا لە بارودۆخێکی سیاسیی نوێ لە بەڕیتانیا بەکار هێنرا، کە پێناسەکەشی هەر بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کاتێک لە لایەن چارلز جەیمسەوە لە ساڵی ١٧٩٧دا، گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی ڕادیکاڵانەی ڕاگەیاند، کە تێیدا بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبوو، بەتایبەت مافی دەنگدان بۆ تەواوی چینە جیاوازەکان، کە ئەوکات نەبوو. لە دواتردا چەمکی ڕادیکاڵ وەک چەمکێکی گشتی بەکار دەهێنرا و ئەوانەی دەگرتەوە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمی ڕیشەییان دەکرد. لە دوای بزووتنەوەی ڕیفۆڕمی ڕیشەیی ساڵی ١٨٣٢، کە مافی دەنگدانی بۆ چینی ناوەڕاست دەستەبەر کرد، گرووپێکی ڕادیکاڵ هاوپەیمانییان لەگەڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمان بەست بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان، تا چینی کرێکارانیش بگرێتەوە.کاتێک ئەم بزووتنەوەیە مافی دەنگدانی فراوان کرد، ڕادیکاڵەکانی لەندەن ئەرکی ڕێکخستنی دەنگدەرە تازەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گۆڕ

ژمارەی ١ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە

چوار مانگ بەسەر دروستبوونی بلۆگی ڕەتدا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو توانایەی کۆمەڵەی ٦٨ و هاوڕێیانی هەیانبوو، چەندین بابەت و وتار و نووسینی خوێندکاریی تێدا بڵاو کراوەتەوە و تا ڕادەیەک جێی خۆی لەو سەرچاوە سەرەکییانەدا کردووەتە کە دەکرێت خوێندکاران وەک شوێنگەیەکی هزری و مەعریفی بە کاری بهێنن. دوابەدوای ئەم ئەزموونە ئەلیکترۆنییە، بۆ زیاتر چوونەناو ئەو کایەی کاری بۆ دەکات و بۆ قووڵتر ڕۆچوونە ناو خوێندکارانەوە، ڕەت دەبێتە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری و لێیەوە و بە قەڵەمی خوێندکاران و گەنجان ئەو پرسە هەستیارانە دەورووژێنرێن و ئەو برینە قەتماغەگرتوانە دەکولێنرێنەوە، کە دەیەیەکە زانکۆ و پەیمانگە و خوێندکاران بە دەستیانەوە دەناڵێنن و سەرچاوەی تەواوی کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانیانە. هەموو ئەمانەش لەژێر دروشمێکدا: ''بۆ خوێندکارێکی بەرەنگار''. لە بڵاوکراوەی ڕەتدا، بە هەمان ئەو ئامانجەی بلۆگەکەی بۆ دروست کرا کار دەکرێت و ڕەچاوی ئەو دۆخە هزری و مەعریفییە دەکرێت کە توێژی خوێندکاران تێیدان؛ زمانێکی ڕوون و ڕەوان، ئایدیایەکی هاوبەش و دەستەجەم

چەمکەکان: ئایدۆلۆژیا

(٧) لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ ''ئایدۆلۆژیا ئەو شاشەیەیە کە مرۆڤ لێیەوە جیهان دەبینێت.'' ئایدۆلۆژیا دیاردەیەکی مۆدێرنە و پەیوەندیی بە دۆخە سیاسی و ئابوورییەکانی سەدەی نۆزدە و بیستەوە هەیە. بە دیاریکراوی و بە زەقی، چەمکی ئایدۆلۆژیا لە ماوەی پێش و پاشی شۆڕشی فەڕەنسیدا پەیدا بوو. لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا ئەو دیدەیە کە کەسێک بەرانبەر جیهان هەیەتی و کۆکراوەی کەلتوور، بەهاکان، بڕواکان، دۆخە هاوبەشەکان و پیشبینییەکانی خۆیان و ئەوانی ترە. هەروەها ناسنامەیەک بە کۆمەڵگە، گرووپ و پەیوەندیی نێوان کەسەکان دەدات، شێوە بە بیروڕاکان، کردارەکان، کارلێککردنەکان و هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، بە شێوەیەکی فراوان دەدات. هەروەها لە سۆسیۆلۆجیدا ئایدۆلۆژیا چەمکێکی ئێجگار گرنگە و کرۆکی ئەو ڕووەیە کە سۆشیالیستەکان لێی دەکۆڵنەوە، چونکە ڕۆڵێکی بەهێز و بنچینەیی دەگێڕێت لە شێوەبەخشین بە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەگشتی ڕێک خراوە و چۆن کار دەکات و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیستمی ئابووریی بەرهەمهێنان و پێکهاتەی سیاسییەوە هەیە. ئایدۆلۆژیا بە هەمان