بەیاننامەی وەستانی چالاکییەکانی کۆمەڵەی ٦٨ ن: لاوک ئەبوبەکر چوار ساڵ پێش ئێستا، لە ناو ژیانی ڕۆتین و کپ و داماڵراو لە بەهای گەنجان و خوێندکاران، لە دوای شکستی پراکتیکیی ١٧ی شوبات و سەرەتای کۆچ، کۆمەڵێک گەنج و خوێندکاری زانکۆ بووین، پڕ لە وزە و بە ئایدیای نوێوە، بۆ سەلماندنی ئەوەی ئەگەری دنیایەکی تر هەیە، کۆ بووینەوە و کۆمەڵەی ٦٨مان دروست کرد. ساڵانێک بوو بەرخۆری بووبووە شوناسی گەنجان، خوێندکاران هیچی تر نەبوون جگە لە کۆمەڵێک جەستەی بێڕۆحی ئەڵقە لە گوێ، جگە لە کۆمەڵێک کڵاو بە سەری گوڵ بە دەستی شەهادەدار، لە بوونەوەری بێخەون و تەنیاکەوتە. شکستە یەک لە دوای یەکەکانی ئەزموونە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆن و میدیا و شەقام، بونیادی دروستکردنی دنیایەک بوون بێ گەنج، بێ جووڵەی خوێندکاری و ئەو بزاوتە مێژووییەی ئەم توێژە هەمیشە ناجێگرییان تێدا دروست کردووە. دەستبەسەرداگرتنی عەقڵی کۆمەڵگە لە لایەن فەزای مەجازی و ئامڕازە جیاوازەکانیەوە، جێکەوتنی فیگەرە سیاسی و هونەرییە بازاڕییەکان وەک تاکە ڕزگارکەر، جێگیرییەکی وای هێنابووە ئاراوە کە ئیتر هەبوونی گەنج و خوێندکار، هیچ زەرورەتێک نەبێت. ئەستە...