هاوار محەمەد ''زانکۆ دژ بە مزگەوت'': ئەم ناونیشانە لە واقیعدا بوختانێکە بۆ زانکۆ، چونکە لە واقیعی باوی کۆمەڵگەی ئێمەدا، زانکۆ دژ بە مزگەوت نییە و دژ بە زۆر شتی تریش نییە. بۆ نموونە دەتوانین بوختانی تری لەم جۆرە دابڕێژین: ''زانکۆ دژ بە بازاڕ''، ''زانکۆ دژ بە دەسەڵات''، ''زانکۆ دژ بە خێڵ'' و تا دوایی. لە هەموو حاڵەتەکاندا زانکۆ درێژکراوەی هەریەکێک لەو ڕەگەزانەیە، بەڵام هێشتا ئەم بوختانانە و بوختانێکی پەتی نین، بەڵکو جۆرێک ئەگەر و ئیمکانیشن، بەو مانایەی لە ڕاستیدا دەکرێت زانکۆ دژ بەوانە بێت، ئەمەش پێویستى بە گۆڕینى ڕوانینمانە بۆ زانکۆ. گۆڕینى ڕوانینمان بۆ زانکۆ وەک شوێنى سەرگەرمى و خۆشىی ژیانى گەنجى، وەک شوێنى خۆپێگەیاندن و هاوڕێیەتى و بەرەنگارى. تاقە دوو دامەزراوە کە لە ساتی سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە تا ئێستاش پڕۆژەکانیان نەوەستاوە و بەردەوام وەک ڤایرۆس لە جەستەی شار و گوند و ڕێگاکاندا بڵاو دەبنەوە، دەزگای ئایینی و دەزگای سەربازین؛ ڕۆژ بە ڕۆژ مزگەوتەکان زۆرتر دەبن و ڕۆژ بە ڕۆژ بازگە و بارەگا سەربازی و پۆلیسییە...