Skip to main content

٥٠ ساڵی نەزۆک: نەک نەتانتوانی بکرێنەوە، بەڵکو بوونە ماڵێکی زیندانئاسای تر



نەشئە ئازاد

هەمیشە زانکۆکان شوێنێکی تری کۆمەڵگەن، لە ئاستێکی تری بیرکردنەوە و دنیابینی و خەیاڵدان، ئەوانەی تێیدان جیاواز لە هەر چین و توێژێکی تر هەڵسوکەوت دەکەن و بیر دەکەنەوە. ئەمە بە بۆنەی شتێکی غەریبەوە نییە، لەبەر ئەوە نییە کە زانکۆ گەردوون و دنیایەکی تر بێت، نەخێر، ئەسڵەن لە هەر دامودەزگایەکی تر پەیوەندیی توندوتۆڵترە بە کۆمەڵگەوە، بەڵام بەرکەوتنی بەردەوامی لەگەڵ دنیای دەرەوە و گۆڕانکاری و کرانەوەکانی و قبووڵکردنیان، وای کردووە ئەم سروشتەی هەبێت. ئەمەیش بە جۆرێک لە جۆرەکان فەزڵی ئەو ئیدارە و بەرپرسانەیە کە بەڕێوەی دەبەن، کە زەمینە بۆ خوێندکارەکان بڕەخسێنن و پێکڕا جیهانێکی بچووک بۆخۆیان دروست بکەن و توانا و بەهرەکانی خۆیانی تێدا ئەزموون بکەن.
وڵاتمان، شار و شارۆچکە و گوندمان، گەڕەک و ماڵەکانمان، خێزان و کەسوکارمان، هەریەکەو لە لایەکەوە بە داب و نەریت و یاسا و ڕێسا کۆنەپەرستانەکانیان تەوقیان داوین، ڕۆژانە ڕۆحمان دەکرۆژن و هەمیشە شمشێری خوێناویی بیرکردنەوەی ئەشکەوتەکانیان بە دەستە و ئامادەن هەر کات لە هێڵەکەیان لامان دا، لە ملمان بدەن. ئێمە لەم فەزایەدا گەورە بووین، منداڵی و هەرزەکاریمان بەمە تێپەڕاند، کاتێکیش کە هەستمان بەوە کرد ئەمە خودی ژیان نییە، ئەمە ئەوە نییە کە دەبێت لەپێناویدا بمێنینەوە، بەڵکو ئەمە جەنگەڵە، زیندانە، گۆڕستانی ناشتنی خەون و خولیا و حەز و ئاواتە تازە و نوێیەکانمانە. کە پێمان زانی ئێرە لەگەڵ سەردەمدا نایەتەوە، نەیتوانیوە تەکانێکی جیدی چییە بیدات، گەر یەک هەنگاو چووبێتە پێشێ سەد هاتووەتە دواوە، ئیتر دۆشداماین و لەوە بێئومێدتر بووین کە شتێکمان پێ بکرێت.
پێمان وابوو ''پۆلی ٦'' دوایین بڕگەی سزای ئەم زیندانەیە و ئیتر بە چوونە زانکۆ، دەتوانین ئەو دنیایە ببینین و ئەزموون بکەین، کە چەندێکە دایکوباوکە تەقلیدییەکانمان لێیان زەوت کردووین. وامان دەزانی ''کۆنترین'' و ''گەورەترین'' و ''کاریگەرترین'' زانکۆی وڵات، دەتوانێت ئەو زەمینەیەمان بۆ ساز بکات کە دەبوو لە یەکەم ڕۆژی بوونمانەوە بۆ ویست و ئارەزوو و خەیاڵەکانمان هەمانبێت. بیرمان دەکردەوە کە دەبێت دوای چوونە زانکۆی سلێمانی، چ بیرێکی نوێ، چ مەعریفەیەکی کامڵ، چ مامەڵەکردنێکی ئینسانییانەی دەرەوەی زیندانەکەی کۆمەڵگە، چاوەڕوانمانە... هەموو ئەمانە و زیاتر، بەهەڵەداچوون بوون.
گەر ڕۆژانی سەرەتای زانکۆی سلێمانی گەشترین و کراوەترین ڕۆژگاری ئەو سەردەمەی باشوور و بگرە تەواوی کوردستان بووبێتن، ئێستا ئەو زانکۆیە ڕەشترین و داخراوترین ڕۆژەکانی تێدەپەڕێنێت و بگرە مەڵبەندی کۆنەپەرستییە. بێگومان ڕەنگە ئەم دێڕانە بۆ سوپایەک لە ماستەر و دکتۆرادار کە زۆرینەیان لە زانکۆ هەرە ڕاقییەکانی ئەورووپا و ئەمەریکا هێناویانەتەوە، قورس و بریندارکەر بن، بەڵام خودی واقیعە تاڵە ناشیرینەکە ئەوانە دروستیان کردووە، چونکە نەیانتوانیوە لەو داب و نەریتانە خۆیان ڕزگار بکەن کە مامۆستاکانیان دەرخواردیان داون و بە هەمان ڕیتمی ئەوان و بگرە زۆر کۆنەپەرستانەتر، زانکۆکانیان کردووەتە زیندانێکی تری کۆمەڵگە.
هەبوونی چەندین مامۆستا و بگرە سەرۆکبەش و ڕاگری توندڕەوی ئایینی و کردنی محازەرەکانیان بە وەعزی دینی، توندبوون تا ئاستی تەلبەندکردن و دەرگا داخستن و زیندانیکردنی کچە خوێندکاران لە بەشەناوخۆییەکان، دروستکردنی کەلێن و دابڕانی قووڵ لە نێوان کچان و کوڕان و نەهێشتنی هاوڕێیەتییان، ڕێگەگرتن لە هەر گرووپ و کۆمەڵە و بگرە خوێندکارێکیش کە بیری نوێ بڵاو بکاتەوە و کار بۆ کرانەوە بکات، قبووڵکردن و ڕێخۆشکردن بۆ هەموو ئەمانە و زیاتر لە لایەن ئیدارەی زانکۆکەوە، دەرخەری ئەم قسانەی سەرەوە و بگرە شتی زۆر قێزەونتر و ناشیرنترن، چونکە شتگەلێک لە بابەتی وەک ئیستیغلالکردنی کچە خوێندکاران لە لایەن مامۆستا پیاوەکان و ڕێککەوتن و مامەڵەکردن بە ''ئەخلاق'' و ''شەرەف''ی کەپڵەکان و بوونی زانکۆکەکە بە ''ئەبوغرێب''ێکی دەروونی بۆ ئەو خوێندکارانەی جیاواز لە پاسەوانەکانی شەرەف بیر دەکەنەوە، هەن و لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، هێشتا کاتی باسکردن و ورووژاندنیان نەهاتووە.
ئەو ''ئایندە لە داهێنان''ەی ئێستا یوبێڵی زێڕینتان بۆ ڕێک خستووە، پڕیەتی لە کۆمەڵێک گەنجی دەرچووی زیندانەکەتان، کە نەیتوانیوە لاتان وەک مرۆڤ بژی، وەک مرۆڤ هاوڕێیەتی و دڵداری بکات، وەک گەنج و خوێندکار بیر بکاتەوە و ''داهێنان'' بکات، بەرز بفڕێت و بکرێتەوە، کرانەوە لە خێزان و گەڕەک و شار و کۆمەڵگە و وڵاتەکەی بکات... یوبێڵی ئێوە وەک عەقڵ و دڵی ئەو پۆلیسانەی ئەخلاق ڕەشە، کە ١٤\٢\٢٠١٨دا دەرگای لەسەر کچانی بەشەناوخۆیی داخست و لە دوای سەعات ١٢:٣٠ خولەکەوە، تەنگی بە کەپڵی ڕێڕەوەکان هەڵچنی.