هیوا ئومێد
کاتێک دەبینم
خوێندکارانی زانکۆ خۆپیشاندان دەکەن، ھەستێکی سەیرم ھەیە، زۆر سەیر... دەڵێم پێدەچێ
ئەوان بەئاگا ھاتبنەوە لەوەی کە سیستەمی خوێندنەکەیان پڕکێشەیە و ھیچ کەڵکێکی بۆیان
نییە. کاتێک ئەوان شەقامەکان دەگرن، دەڵێم خوێندکارەکانی ئێرە بەئاگا ھاتوونەتەوە
و دەیانەوێ داھاتووی ئێرە بگۆڕن، چونکە ئێرە بۆ ھەموومان بووەتە کێشە و خەریکە لە ناومان
دەبات. من کاتێک ئەوان دەبینم لەسەر شەقامەکان، وا تێدەگەم کە بیانەوێت ئەم
وێرانەیە چاک بکەن. بەڵام کاتێک کە دەزانم ئەوان بۆچی ھاتوونەتە سەر شەقام،
پەشیمان دەبمەوە و پەستی و خەمگینییەکی زیاتر دەمگرێت... ئەوان دژی سیستەمی خوێندن
نەھاتوون، ئەوان نایانەوێت ئەم وێرانەیە چاک بکەن، ئەوان ھێشتا بێئاگان، بێئاگایانە
ئەوەندەی تر ئێرە وێران دەکەن. ئەگەر بۆ ئاوی گەرم و ھەوای گەرم دێنە سەر شەقام،
مەیەن. ئەگەر بۆ گۆڕینی عەقڵەکان دێن، ئێمەیش ھیوامان پێتانە. ئەوەی دەبێت سەرەتا
بۆی بێن، گۆڕینی دنیای ناوەوەتانە، نەک دنیای دەرەوە. گەر دێنە سەر شەقام، لەسەر
گۆڕینی سیستەمی خوێندن و مەعریفەتان وەرن، کە ئێوە دنیای ناوەوە و ناواخنی
زانکۆکانتان گۆڕی، ئەوکات دنیا واقیعیەکەیشتان خۆی باش دەبێت، چونکە گەر بڕیار بێت
شتێک بگۆڕرێت، دەبێت سەرەتا عەقڵەکە بگۆڕرێت؛
ھەتا عەقڵ پەرە نەسێنێت و ھەتا شتێک خۆی لە عەقڵدا ئاشکرا نەکات، ھەرگیز لە ناو
واقیعدا نایەتە بوون.
ئێوە ھەمیشە تەنها جەستەتان لە یاد
بووە، دواتریش ھەر جەستە و ھەر جەستە و جەستە. بێخەم بن، گەر ئێوە توانای ئەوەتان
ھەبوو سیستەمی خوێندن و عەقڵیەتی ناو زانکۆکان بگۆڕن، ئەو کاتە ئاو و هەوای گەرم خۆی
دێت.
