Skip to main content

ژمارە ٤ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە



دوای بڵاوبوونەوەی ژمارەکانی ١ و ٢ و ٣ی بڵاوکراوەی ڕەت لە وەرزی خوێندنی ٢٠١٧ - ٢٠١٨ لە زۆرینەی زانکۆ و پەیمانگەکانی باشووری کوردستان، لە ئێستادا ژمارە ٤ی بڵاوکراوەکە ئامادەیە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە هەمان شێوەی ژمارەکانی تر، لای زۆرینەی خوێندکاران و گەنجانی باشووری کوردستان دەبێت.
ئەم ژمارەیەی بڵاوکراوەی ڕەت تایبەتە بە دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندنی ٢٠١٨ - ٢٠١٩ و بە کۆمەڵێک وتار، باس لەو بارودۆخ و ھەلومەرجانە دەکات کە ساڵانە خوێندكاران دووبارە و چەندبارە پێیاندا تێدەپەڕن و ھۆکارن بۆ ئەو سستی و ناچالاکییەی زانکۆ و پەیمانگەکانی تێدایە و کردوونی بە کۆمەڵێک دەزگای کارگەئاسا، کە ھەموو خولەک و سەعات و ڕۆژ و ھەفتە و مانگ و ساڵەکانی چونیەکن و ھیچ گۆڕانکارییەکیان تێدا ڕوو نادات. وتارەکانیش بریتین لەمانە:

·        بەرەو بێھیوایی
ن: ژیر دانا
·        لە نێوان ٢ دالدا: داپیرانمان و دکتۆرەکانمان
ن: نوھا مەحوی
 ٢ میلیۆن ساڵ لە ١ نیگادا
ن: زەردەشت نورەدین
·        کاتی وتنی نەخێرە بە ڕوویاندا
ن: دەشنێ سەلاح
·        ئەمساڵی زانکۆ
کۆمەڵێک دروشم

بڵاوکراوەی ڕەت بێبەرانبەر بڵاو دەکرێتەوە و بەسەر خوێندکاراندا دابەش دەکرێت. هەروەها لەبەر ئەوەی توانای دارایی کۆمەڵەی ٦٨ سنووردارە و بە هاوکاریی ناوەندی غەزەلنووس و چەند هاوڕێیەکی دیکە بڵاوکراوەکە چاپ دەکرێت، توانراوە تەنها ١٠٠٠ دانەی لێ چاپ بکرێت. هەر بۆیە لە کاتی دابەشکردنی بەسەر خوێندکاراندا، هەوڵ دەدرێت هەر ٢ بۆ ٥ خوێندکارێک، نوسخەیەکیان بدرێتێ و پێکەوە بیخوێننەوە؛ وەک ئامڕازێکیش بۆ تۆکمەکردنی پەیوەندییەکانمان و دروستکردنی هاوڕێیەتییەکی سیاسی.
لە لاپەڕە ١ی ژمارە ٤ی بڵاوکراوەی ڕەتدا، لە خوار یەکێک لە ڕاڕەوە زیندانئاساکانی زانکۆی سلێمانی و ناونیشانی ''چوونەوە بۆ زانکۆ''، گوتەیەکی سەردەشت عوسمان نووسراوە:
''زانکۆکانی ئەم وڵاتە، ماڵی ئاسوودەیی ئێمە نین.''