Skip to main content

ژمارە ٢ی بڵاوکراوەی ڕەت بڵاو دەکرێتەوە


دوای بڵاوبوونەوەی ژمارە ١ی بڵاوکراوەی ڕەت لە پاییزی ٢٠١٧ لە زۆرینەی زانکۆ و پەیمانگەکانی باشووری کوردستان، لە ئێستادا ژمارە ٢ی بڵاوکراوەکە ئامادەیە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە هەمان شێوەی ژمارە ١، لای زۆرینەی خوێندکاران و گەنجانی باشووری کوردستان دەبێت.
ئەم ژمارەیەی بڵاوکراوەی ڕەت تایبەتە بە جووڵانەوە جەماوەرییەکانی ئەم دواییەی باشووری کوردستان، پەیوەند بە نائامادەیی زانکۆ و خوێندکارانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و کاریگەر. تێیدا لە ڕێی ٥ وتارەوە، کە لە لایەن گەنجان و خوێندکارانی زانکۆ و بەشدار لە جووڵانەوەکاندا نووسراون، دەست خراوەتە سەر کۆمەڵێک برینی ڕیشەیی و ئەو هۆکارانە باس و شرۆڤە کراون کە بوونەتە هۆی ناچالاکیی زانکۆ و خوێندکارانی لە ڕووداوە سیاسییە چارەنووسسازەکاندا. وتارەکانیش بریتین لەمانە:

·        تەنیاییەکانی خوێندکار
ن: زەردەشت نورەدین

·        زانیوتە ''مۆدێرن'' یانی چی؟
ن: وەلید عومەر

·        دەسەڵاتیش چاوەڕوانی بەردەکانمانە
ن: کۆمەڵەی ٦٨

·        ڕادیکاڵیزمی ژیانی ڕۆژانە
ن: هاوار محەمەد

بڵاوکراوەی ڕەت بێبەرانبەر بڵاو دەکرێتەوە و بەسەر خوێندکاراندا دابەش دەکرێت. هەروەها لەبەر ئەوەی توانای دارایی کۆمەڵەی ٦٨ سنووردارە و بە هاوکاریی ناوەندی غەزەلنووس بڵاوکراوەکە چاپ دەکرێت، توانراوە تەنها ١٠٠٠ دانەی لێ چاپ بکرێت. هەر بۆیە لە کاتی دابەشکردنی بەسەر خوێندکاراندا، هەوڵ دەدرێت هەر ٢ بۆ ٥ خوێندکارێک، نوسخەیەکیان بدرێتێ و پێکەوە بیخوێننەوە؛ وەک ئامڕازێکیش بۆ تۆکمەکردنی پەیوەندییەکانمان و دروستکردنی هاوڕێیەتییەکی سیاسی.


لە لاپەڕە ١ی ژمارە ٢ی بڵاوکراوەی ڕەتدا، لە خوار دەستەکانی گەنجێک کە یەکێکیان بەردی تێدایە و یەکێکیان نیشانەی سەرکەوتنی پێ بەرز کراوەتەوە، نووسراوە:

''١٠ ساڵێكە جارناجارێك شەقام دەجووڵێت، سەراكان دەبنە جێی ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵك و پۆلیس، تێیدا خوێندكاران هەندێك جار بە ڕێكخراوی و زۆربەی جار بە ناڕێكخراوی بەشدارن...
بۆچی تا ئێستا خوێندكاران نەبوونەتە بەشێكی كاریگەری جووڵانەوەكان؟ بۆ ئاڕاستەكاری شەقام ئەوان نین؟ بۆچی ئەوانەی لە سەراكاندا بەردی ئازادی دەهاوێژن و خۆیان دەخزێننە زیندانەكانەوە، گەنجانی پەراوێز و هەژارنشینەكانی شارن و بزووتنەوەیەكی خوێندكاری نییە؟''