Skip to main content

پێکەوە بۆ بینینی فیلم: بێدەنگیی کوشندەی خودا


هەمیشە وامان بیستووە و بیر کردووەتە کە کەسانێکی باوەڕدار کاتێک بانگەشە بۆ باوەڕ و ئایینەکەیان دەکەن و ڕووبەڕووی ستەملێکردن و ئازار دەبنەوە، بە کەسانی ئازا و چاونەترس و گیانبەختکردوو بزانین، لە کاتێکدا دەبێت هاوڕێ لەگەڵ ئەو بیستن و بیرکردنەوەیەدا، ببیستین و بیر بکەینەوە کە ئایا ئەو خودایەی ئەو باوەڕدارانە بە خاتری ئازاری قووڵ دەچێژن، بۆ لەسەریان نایەتە دەنگ؟ بەو مانایەی بە چ پێوەرێک بۆمان هەیە مرۆڤێک کە لەبەر خوداکەی لەژێر ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆردایە، ئەم ئازارە قووڵەی بەرز بنرخێنین و پێمان وابێت پێی بەرزتر و گەورەتر دەبێت؟
نەخێر، پێویستە و دەبێت ئیتر بکەوینە گومان لەو بێدەنگییە قووڵەی خودا بەرانبەر ئازاردانی بەندەکانی هەیەتی، پێویستە و دەبێت بکەوینە پرسیارکردن لەو بێدەنگییە ڕۆچووەی خودا بەرانبەر ئەشکەنجەدانی ئەو کەسانەی ناو و ئایینی ئەو بڵاو دەکەنەوە...

فیلمی بێدەنگی، هەر لە ناوەکەیەوە ئەو گومان و پرسیارە دەورووژێنێت؛ بە زیکەزیکێکی زۆر دەست پێ دەکات، کە دەشێت هاوار و ناڵەی بەندەکان بێت، لەپڕ زیکەزیکەکە نامێنێت و بێدەنگییەکی قووڵ دەست بەسەر فەزاکەدا دەگرێت، کە دەشێت ئەمەیان بێدەنگیی خودا بێت. باوکە فێرێرا قەشەیەکی ناوداری پورتوگالی و بنەڕەتی قەشەکانی ئەو وڵاتەیە، بە خاتری خودا و ئایینەکەی دەگاتە وڵاتی پڕمەترسیی ژاپۆن و دەگیرێت، لە ساتی بینینی کوشتنی بەئازاری هاوئایینەکانی، ناچار پێ دەنێت بە وێنەی عیسای مەسیحدا و بەو پاساوەی خودا بێدەنگە بەرانبەر ئازاری بەندەکانی و ئەوەی کە ئەستەمە ئایینێک لە شوێنێک چەکەرە بکات کە خاکەکەی بۆ ڕواندنی نابێت، دەبێتە یەکێک لە ژاپۆنییەکان. هەردوو ڕاهیب ڕۆدریگێز و فرانسیسکۆش بە هەمان شێوە دەچن بە دوای مامۆستاکەیاندا بگەڕێن و ئایینەکەیان بڵاو بکەنەوە، بەڵام بە هەمان ڕێگای مامۆستاکەیاندا تێدەپەڕن و ئەوانیش یەقینیان دەبێت، کە بەڵێ، خودا بەرانبەر ئازار و ئەشکەنجەدانی بەندەکانی قووڵ بێدەنگە...

ئەم فیلمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم نمایش کرا و دوابەدوای بینینی، بینەران گفتوگۆیان دەربارەی کرد