لە
ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ
فیلمی دیوار کۆتا فیلمی یەڵماز گونەیە، تێیدا زیندانی بۆ
لابردنی پەردە لەسەر دۆخی سیاسیی تورکیا بەکار هێناوە. فیلمەکە سەبارەت بە ژیانی
زیندانە لەو وڵاتە، گونەی فیلمێک دەخاتە سەر شاشە کە ڕاستەوخۆ و توندوتیژانە دەردەکەوێت
لەپێناو مافی زیندانییەکاندا. ئەو زیندانەی لەم فیلمەدا گونەی باسی لێوە دەکات،
نمونەی دروستکراوی ئەو زیندانەی ئەنقەرەیە، کە خۆی تییدا بینەری یاخیبوونی
زیندانییەکانی بوو لە ساڵی ١٩٧٦دا. زیندانەکە ژن و پیاو و منداڵانی لە یەکتر جیا کردبووەوە،
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ بەرنامەیەکی بۆ جیاکردنەوەی ئەو تاوانبارانە نەبوو کە توندوتیژانە
مامەڵەیان دەکرد.
لەپێناو تاوانبارکردنی دەسەڵاتی سیاسیی تورکیا، گونەی وێنەی زیندانێکی
قەرەباڵغ و بێ پەنجەرە و بێ گەرمی و بێ ئاوی گەرم و بێ خۆراکی پاکمان بۆ دەخاتە
ڕوو، کە هیچ شتێکی زیندانەکە تەندروست نییە و مامەڵەی بەڕێوەبەرانی لەگەڵ
زیندانییەکانیاندا مرۆڤانە نییە.لە فیلمەکەدا سەرنجی ورد دەخرێتە سەر منداڵان و
تێیدا وەحشییانە و دڕندانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بە جۆرێک کە یەکێک بە لێدان
چاوی کوێر دەبێت، یەکێک ناچار دەکرێت ڕشک و ئەسپێی گیانی خۆی قوت بدات، یەکێک
دڕندانە قامچی لە بنی پێی دەدرێت و خوێن بە قاچەکانیدا دەچۆڕێ، لەگەڵ ئەمەشدا
بەڕێوەبەرە ستەمکارەکان دەنگی هاوار و ناڵەناڵی بە تەواوی دەنگبەرزکەرەوەکانی زیندانەکەدا
بڵاو دەکەنەوە و گشت زیندانییان بە ناچاری و ترس و نائومێدییەوە گوێبیستی دەبن.
گونەی
گوتوویەتی کە لە دیواردا هەوڵی داوە چیرۆکی هیوای زیندانییەکان و کۆتاییەکی
شکستخواردوویی ئەو هیوایانە بگێڕێتەوە؛ لە فیلمەکەدا منداڵەکان ئاژاوەیەک دەنێنەوە
بە ئامانجی گواستنەوەیان بۆ زیندانێکی باشتر، نەک بۆ ئازادبوون و ئازادییان، بە جۆرێک
کە دەپاڕێنەوە و دەڵێن: ''خوایە، بماننێرە زیندانێکی باشتر.'' گونەی چەندبارە دەیڵێتەوە
کە مرۆڤ دەتوانێت ژیانی خۆی لە ناو و لەگەڵ واقیعدا بگۆڕێت، نەک بە ڕاکردن لە واقیع
لە ڕێگەی خەونی پووچ و بەتاڵەوە، چونکە هیچ شتێکی وەک ''زیندانێکی باشتر'' بوونی
نییە.
هەروەها گونەی بڕوای وابووە کە لە هەموو دەسەڵاتێکی سیاسیی ستەمکار و
چەوسێنەردا، دانیشتوان هەموو وەک زیندانی و بەدیلگیراو وان؛ دامودەزگاکانی حکومەت
و پۆلیسەکان ئەرکی پاراستنی جیهانێکی لەو جۆرە پڕ لە نادادی و نایەکسانییەیان بەسەردا
سەپێنراوە، بۆیە بە هەمان شێوە ئەوانیش زیندانین.
ئەم فیلمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم نمایش کرا و دوابەدوای بینینی لە لایەن بینەرانیەوە گفتوگۆ دەربارەی کرا...
