زەردەشت
نورەدین
بە درێژایی چاخە جیاوازەکانی مرۆڤ، هیچ چاخێک هێندەی چاخی شارستانییەت
سەرکوت و چەوساندنەوەی تێدا نەبووە و بە درێژایی چاخی شارستانییەتیش، هێچ بڕگەیەکی
بە ئەندازەی بڕگەی سەرمایەداری چەوساندنەوە و سەرکوتی تێدا نەبووە. ڕۆژئاوا پێش
ئەوەی بە چڕی بە قۆناغی سەرمایەداریدا بڕوات، بە دوو قۆناغی گرنگی ڕینیسانس و
ڕۆشنگەریدا ڕۆیشتووە و هاوکات هەڵگرەوەی نەریتی فەلسەفەی یۆنانی بووە، کە ڕۆڵی
سەرەکیی لەو دوو پڕۆسەیەدا هەبووە. بەم پێیەش دەستی گەیشتووە بە کۆمەڵێک بەهای
گەردوونیی مرۆڤانە، کە لە هەر سیستەمێکدا شایەنی داکۆکییە. ئەمەش ڕێک دەرخەری ئەو
جیاوازییەیە کە سەرمایەداری لە ڕۆژائاوا یان لە وڵاتە دواکەوتووەکانی وەک
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستی دەکات.
کارڵ مارکس بە ڕوونی ئاماژەی بەوە دا کە
سەرمایەداری نەک هەر ناتوانێت بەهای نوێی مرۆڤانە بخوڵقێنێت، بەڵکو بەها کۆنەکانیش
شل و شێواو دەکات و لە ناواخنی کۆنیان دایان دەماڵێت و ناواخنی کۆنیان تەنها بە
ڕواڵەت و دەستلێنەدراوی دەهێڵێتەوە و هاوکات دەیخاتە ناو کۆپەیوەندیی
سەرمایەدارییەوە و فۆڕمی تازەیان پێ دەبەخشێت. لە دەرەنجامدا گەیشتنی سەرمایەداری
بەر هەر کەلتوورێک، لە ناواخندا وێرانی دەکات و لە ڕواڵەتدا تازەگەریی
ڕواڵەتیانیان بۆ دروست دەکات. بەمەش دوو جار کەلتوورە کۆنەپارێز و بەها
دواکەوتووەکان بەرهەم دەهێنیتەوە؛ جارێک وەک خۆی و جاری دووەم وەک تازەگەریی
فریودەرانەی سەرمایەداری.
لەم سۆنگەیەوە هاتنی سەرمایەداری بۆ باشووری کوردستان،
کەلتوور و هزری کوردی، کە بە قووڵی دەرەبەگانە و ئیسلامییانە بووە، بە
دەستلێنەدراوی هێشتووەتەوە و هاوکات تێهەڵکێشی بە بەها کۆنەخوازییەکانی
سەرمایەداری کردووە. بە دەربڕینێکی تر، لە دوای ڕاپەڕینەوە کە باشووری کوردستان بە
چڕی بە قۆناغی سەرمایەداریدا ڕۆیشتووە، کەلتوور و هزری کوردی دوو جار چەقبەستوو و
کۆنەپارێزکراوە. لەم پنتەوە بە ڕوونی بەر شکستی ئایدۆلۆژیی هەردوو حیزبی باڵادەست
بە پلەی یەک دەکەوین، کە بە قووڵی بەرهەمهێنەرەوەی چەقبەستوویی کۆمەڵایەتی و
دواکەوتوویی کەلتووری بوون. هاوتەریب بە شکستی ئایدۆلۆژیی حکومەت و دەسەڵات، بەر شکستی
ئایدۆلۆژیی ڕۆشنبیرانی دوای ڕاپەرین دەکەوین، کە دواجار ئەوانیش نەیانتوانی
تەجاوزی ستراکچەری دەرەبەگایەتی-ئیسلامیی کۆمەڵگە بکەن و هەوڵی ڕیفۆڕمکردنیان دا.
ئەو
ستراکچەرەی کە تا ئێستا ناهێڵێت دوو مرۆڤی ئازاد بە ئازادی ماچ بکەن، دەرخەری
ئەوەیە کە هێشتا ستراکچەری دەرەبەگایەتی-ئیسلامی لە ناو سیستمی سەرمایەداریی باشووری
کوردستاندا ڕۆژانە بە شێوەی جۆراوجۆر بەرهەم دێتەوە و بە هەزاران شێوە مرۆڤ
دەچەوسێنێتەوە و سەرکوتی دەکات... تێگەیشتن لەم بێباکییە ئاسانە: یەکەم، سیستەمی
سەرمایەداری تەنها قازانج دەناسێت و هەوڵ بۆ قازانجکردن دەدات و هیچی تر. دووەم،
لە ڕابردوودا هیچ گوتارێکی ڕادیکاڵی چەپ کە هەڵگری تایبەتمەندییە لۆکاڵییەکانی ئەم
ناوچەیە بێت، نەهاتووەتە ئاراوە و لە کۆمەڵگەدا کاری نەکردوە.
پێش هەموو شت ئەوەی
بۆ ئەم قۆناغە گرنگە، سەرپێخستنی گوتاری ڕادیکاڵی چەپی نوێیە، کە بە گژ ستراکچەری
دەرەبەگایەتی-ئیسلامیدا بچێتەوە و لە بنچینەوە بیپوکێنێتەوە و هاوکات هەوڵ بدات کۆمۆنیزمی
نوێ بخاتە شوێن سیستمی سەرمایەداریی باشووری کوردستان. ئەمە تاکە ڕێگەی واقیعیی
دەربازبوونی باشووری کوردستانە لە هەموو قەیرانەکانی سەرخان و ژێرخان و هاوکات
تاکە ئەڵتەرناتیڤە کە دەتوانێت چەوساندنەوە و سەرکوت نەهێڵێت و مرۆڤەکان بە شێوەیەکی
یەکسانیخوازانە، ئازادانە بژین...
