فیلمەکە بەوە دەست پێ دەکات ئیشانی تەمەن هەشت ساڵ لە
لایەکی شەقامێک هەوڵ دەدات ڕاوی چەند ماسییەک بکات، بێ ئاگا لەوەی پاسی خوێندنگە
چاوەڕێی دەکات، زۆر دڵی بە ڕاوەماسییەکەی خۆشە و قووڵ ڕۆ چووەتە ناوی. لە دیمەنی
دواتردا ئیشان لە خوێندنگە لە پەنجەرەی پۆلەکەیەوە لە دەرەوە دەڕوانێت و ئاگای لەو
وانەیەی تێیدایە نابێت، ئەمەش کێشەی بۆ دروست دەکات، هەروەها ئامادەنەبوون و
ئامادەنەکردنی ئەرکی خوێندنی بە بەردەوامی هەیە. لە ماڵەوە برا گەورەکەی کەسێکی
سەرکەوتووە بەو پێوەرانەی دایکوباوکی بۆی داناون، لە بەرانبەردا ئیشان ڕۆ چووەتە دنیای
داهێنانەوە بە خۆشەویستییەکەی بۆ وێنەکێشان، کە تەنها براکەی ستایشی کارەکانی
دەکات. گۆرانیی یەکەمی فیلمەکە بە تەواوی جیاوازیی نێوان جیهانی ناوەوەی ئیشان و ئەو
ئامانجەی ماڵەوە بۆیان ئاڕاستە کردووە، پیشان دەدات.
لە دوای چەند کەوتنێک لە
تاقیکردنەوەکاندا، ئیشان لە خوێندنگە خۆی دەدزێتەوە و داوا لە براکەی دەکات تێبینیی
ئامادەنەبوونی بۆ ساختە بکات. لە کۆتاییدا بەڕێوەبەری خوێندنگەکە خێزانەکەی ئیشان
ئاگادار دەکاتەوە و بۆیان ڕوون دەکاتەوە کە ناتوانێت دەربچێت بۆ قۆناغی داهاتوو، دایکی
کە لە ماڵەوە هەوڵی دەدا فێری نووسین و خوێندنەوەی بکات و بەرانبەر ڕەخنەی
هاوسەرەکەی دەوەستایەوە کە دەیگوت ئیشان بە تەواوی کەللەڕەق و تەممەڵە، بێهیوا
دەبێت لە دۆخی بێباکی و دواکەوتنی خوێندنەکەی ئیشان و لە دەرەنجامدا دەینێرن بۆ
خوێندنگەیەکی توندڕەوی دەرەوەی شار، تا چارە بکرێت. لێرە بەردەوام دەبێت لە کەوتن
لە وانەکاندا و وای لێ دێت بە ڕادەیەکی زۆر تووشی خەمۆکی دەبێت و لە پەیوەندییە
کۆمەڵایەتییەکان و تێکەڵبوونەکان دوور دەکەوێتەوە و پەرۆشییەکەی بۆ چالاکییە
داهێنانەکانی لەدەست دەدات، کە هەمیشە چێژی زۆری پێ دەبەخشی و کاتێکی گران بەسەر دەبات
بە خۆگونجاندنی لەگەڵ دووریی خێزانەکەی و ژینگەی ژیانەکەی پێشووی.
بە هاتنی مامۆستایەکی
کاتی، ڕام نیکومب شانکار، ئیشان هیوای بۆ
دروست دەبێت. ئەم مامۆستایە ڕێگەی جیاواز بەکار دەهێنێت بۆ بەستنەوە و دروستکردنی
پەیوەندیی نێوان خوێندکارەکان: سەرەتا وەک قەرەقۆزێک خۆی دەگۆڕێت و خۆی بە پۆلەکە بە
شێوەی گۆرانیگوتن و گاڵتەکردن دەناسێنێت. نیکومب زوو تێدەگات کە ئیشان خوێندکارێکی
خەمۆک و بێهیوایە و دەکەوێتە لێکۆڵینەوە لە سروشتی بارگرانییەکەی. لە کۆتاییدا ڕەفتار
و شێوازی داهێنەرانەی مامۆستا جیاوازەکە بۆ فێرکردن دووبارە ئیشان دەبەستێتەوە بە
دۆخەکەوە، لە کاتێکدایە کە بۆی دەردەکەوێت ئەویش هەمان دۆخی هەیە و هەردووکیان یەک
شێوازیان هەیە بۆ ڕوانین لە جیهان، بەو جۆرەی کە دەبێت وابێت. لە ڕێی ئەم پەیوەندییەوە
نیکومب دەری دەخات ئەویش لە تەمەنی منداڵیدا بە هەمان بارگرانیدا تێپەڕ بووە و ڕۆڵێکی پۆزەتیڤانە پیشانی ئیشان دەدات و لە
خەمۆکییەکەی دەری دەهێنێت، وردە وردە متمانەبەخۆبوونی ئیشان بە پشتگیریی نیکومب
باش دەبێت، کە لایەنی هونەری و بەهرەکەی ئیشان بە دایکوباوک و بەڕێوەبەرەکەی پیشان
دەدات و وای لێ دێت لە کۆتاییدا شانازی بە بەهرە تایبەتەکەیەوە دەکەن.
*
*
ئەم فیلمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم لە سینەما سالم نمایش کرا و دوابەدوای بینینی لە لایەن بینەرانەوە گفتوگۆ دەربارەی کرا
